سەرەکی / هەواڵ / شاندێکی کوردانی خورماتوو بە یاوەری ئارام شێخ محەمەد لەگەڵ هادی عامری کۆبووەوە

شاندێکی کوردانی خورماتوو بە یاوەری ئارام شێخ محەمەد لەگەڵ هادی عامری کۆبووەوە

هادی عامری بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی و رێگەدان بە گەڕانەوەی ئاوارەکان بەڵێن بە نوێنەرانی خورماتوو دەدات لەماوەی هەفتەیەکدا وەڵامیان بداتەوە و داواکارییەکەیان جێبەجێ بکات. بڕیاریشە هەریەک لە عەلی سیستانی و عەممار حەکیم دوو لیژنەی جیاواز بۆ هەڵسەنگاندنی زیانەکان و چارەسەکردنی کێشەکان بنێرنە خورماتوو.

ئێوارەی رۆژی هەینی 5-1-2018 شاندێکی کوردانی خورماتوو بەیاوەری ئارام شێخ محەممەد، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ هادی عامری، ئەمینداری رێکخراوی بەدر کۆبووەوە.

ئارام شێخ محەممەد رایگەیاند: “کێشەی خورماتوو بابەتێکی تازە نییە و دوای 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو ئەو بارودۆخە ناهەمووارە دروستبوو، ئێمە بەردەوام لە پەیوەندیدابووین لەگەڵ حکومەتی عێراق و حەشد و پارێزگاری سەلاحەدین بۆ باشکردنی دۆخەکە”.

ئارام شێخ محەممەد گوتی: “چەند کەسایەتییەکی خەڵکی خورماتوو دەستیان بە سەردان کردووە و پێشتریش چوونەتە کەربەلا و بەغدا و لەگەڵ چەندین بەرپرس و کەسایەتیی عێراق کۆبوونەتەوە، ئەمڕۆ لەگەڵ هادی عامری (یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی حەشدی شەعبی) کۆبووینەوە و داواکاری خەڵکی خورماتوومان پێگوت بۆ گەڕانەوەیان، چونکە ئێستا خورماتوو جۆرێک لە هێوربوونەوەی بەخۆوە بینیوە”.

جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتیشی: “کوردانی خورماتوو ناتوانن بگەڕێنەوە، بەڵام هەندێ ماڵ گەڕاونەتەوە، ئێستا تەنیا بەشێک لە هێزەکانی بەدر و عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتائیبی حیزبوڵڵا ماون، ئەوانیش فەرمان لە فەرماندەکانی خۆیان وەردەگرن بۆ گەڕانەوە”.

سەبارەت بە بەڵێنی هادی عامری بۆ جێبەجێکردنی داواکاریی کوردانی خورماتوو، ئارام شێخ محەممەد گوتی: “لە حەویجە و نزیک داقووق سوپای عێراق دەستی بە کێوماڵکردن و گەڕان کردووە، عامری داوای کرد چەند رۆژێک لەسەری بووەستن چونکە لە پەیوەندیدایە لەگەڵ هێزە ئیتیحادییەکان بۆ ئەوەی دوای ئۆپەراسیۆنەکە هێزی ئیتیحادی بنێرن بۆ خورماتوو، یان لایەنێکی ئەمنی فەرمی ئەمنییەت بگرێتەدەست لەو قەزایە و بڕیارە لەماوەی هەفتەیەکدا وەڵامی خەڵکی خورماتوو بداتەوە”.

لەبارەی بەتاوان ناساندنی رووداوەکانی خورماتوو ئارام شێخ محەممەد گوتی: “دەبێ لەلایەن پەرلەمانتارانەوە نووسراوێک پێشکەشی پەرلەمان بکرێت و لیژنەیەک بۆ بەدواداچوون پێکبهێندرێت، ئەو لیژنەیەش دەبێت دەنگی لەسەر بدرێت، بۆ ئەمەش هەوڵێک لەلایەن فراکسیۆنە کوردستانییەکانەوە هەیە”.

‌هاوکات مەلا هاوار داودی، ئەندامی شاندەکەی کوردانی خورماتوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شێخ مەهدی کەربەلایی، نوێنەری سیاستانی پێی راگەیاندووین، هەفتەی داهاتوو سیستانی شاندێک رەوانەی خورماتوو دەکات بۆ لێکۆڵینەوە و چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشەکان. هەروەها عەممار حەکیمیش بڕیاری داوە لە داهاتوو شاندێکیان سەردانی خورماتوو بکات.

وەک کاردانەوە بەرامبەر گشتپرسی و شکستهێنان بە هەوڵی راگەیاندنی سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان، لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 دا سوپای عێراق و حەشدی شەعبی هێرشیان كردە سەر ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، بەوهۆیەەوە دەیان هەزار کەس ئاوارەبوون ‌و سەتان ماڵی كوردیش دوای سووتاندیان تەقێندرانەوە، یەکێک لەو شوێنانەی زۆرترین زیانی بەرکەوت قەزای خورماتوو بوو.

بەپێی بەدواداچوونەکان نزیکەی سێ هەزار خانووی کورد لە شارەکە داگیرکراون و لەسەریان نووسراوە (بێت تورکمان شیعی، لەبەیک یا حوسێن). دوو هەزار و 400 ماڵ دوای دزی و تاڵانکردن سووتێندراون، زیاتر لە 50 خانووش تەقێندراونەتەوە، ئەمە  وێڕای ئەوەی دەیان هەزار کەس ئاوارەبوونە.

بەپێی راپۆرتی نووسینگەی كۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكانی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش خورماتوو زیانێكی زۆری بەركەوتووە، لەوانە: “زیاتر لە31 هەزار خێزان كە دەكاتە 100هەزار كەس تاوەکو ئێستا ئاوارەن، زیاتر لە 150 خانوو تێكدراون، 12 بارەگای حیزب و 6 بارەگای دەزگاكانی راگەیاندن سووتێندراون، رۆژنامەنووسێكی كەناڵی ئاسمانیی كوردستان تیڤی لەلایەن میلیشیاكانەوە بە دڕندەترین شێوە لەپێش چاوی خانەوادەكەی شەهیدكراوە و لاشەكەشی شێوێندراوە، هەروەها 19 كارگە و چێشتخانەی هاونیشتمانیان و بە سەتان مۆڵ و دووكان تاڵانكراون و سووتێندراون، بەشێوەیەكی گشتی ئەو زیانانەی بەر شارەکە كەوتوون بە ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێندرێن”.

2 ٣

سەرچاوە: تۆڕی میدیایی ڕووداو

دەربارە lana

ئەم بابەتەش ببینە

66385bb1b7ada1788d82705b9f8e7d06_XL

پارتێكی توركمانی: لەبەر داگیرکاریی میلیشیاکان لە كەركووك و ناوچە کوردستانییەکان هەڵبژاردنەكان بایكۆت دەكەین

“هەر هەڵبژاردنێك لەو شارانە بكرێت ناشەرعییە” پارتی گەلی توركمانی ڕای دەگەیەنێت كە لەژێر دەسەڵاتی داگیركاریی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *