سەرەکی / نوسینگەکان / خانەقین / ئەم هەفتەیە كەركووك و خانەقین داوای گشتپرسی دەكەن

ئەم هەفتەیە كەركووك و خانەقین داوای گشتپرسی دەكەن

هەروا رۆژەكان لە بەردەم كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی كەمدەبنەوە و هێشتا ئەنجوومەنی هەندێك لە قەزا و ناحیەكانی ئەو ناوچانەی پێیاندەگوترێ “ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان”، وەڵامیان نەداوەتەوە ئاخۆ گشتپرسی لە ناوچەكانیان ئەنجام بدرێ یان نا. بەرپرسێكی كۆمسیۆنیش دەڵێ “ئێمە لە ئامادەكارییەكانی خۆمان بەردەوام دەبین و ناوەستین”.

ئەنجوومەنی باڵای گشتپرسی لە هەرێمی كوردستان، هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونیانەوە رێگاچارەیەكی ئارامتریان دۆزییەوە بۆ بەشداریكردنی خەڵكی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لەو گشتپرسییەی بڕیارە لە 25ی ئەیلوولی داهاتوو ئەنجام بدرێ، ئەویش هەڵكردنی گڵۆپی سەوزە لەلایەن ئەنجوومەنی قەزا و ناحیە و شارەدێكانەوە.

ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، دەڵێ ئامادەكارییەكان درەنگ كەوتن و پێویستیش ناكات هیچ لایەك لە بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دوودڵ بێ، چونكە وەك ئەو دەڵێت “رۆژی سێشەممە 29/8/2017 ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كۆدەبێتەوە. دەنگی زۆرینەی بۆ كۆكراوەتەوە و داوا دەكەین لە كەركووك گشتپرسی بكرێ‌”.

ئەحمەد عەسكەری ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەڵێت هێشتا بەشێك لە توركمان و عەرەبەكانی كەركووك لەگەڵ ئەوە نین گشتپرسی لە پارێزگاكەیان بكرێ، لە دۆخێكیشدا كە بەلای ئەوانەوە روون نەبێ چی دەخوازن، پێیوانییە گفتوگۆكردن لەگەڵیان ئەنجامێكی هەبێ “ئێمە ناتوانین پاشەكشە بكەین و گشتپرسی لە كەركووك پرسێكی گرنگە و مافی دانیشتووانەكەیەتی چارەنووسی خۆیان دیاری بكەن، ئەوان هێشتا هەر دەڵێن نابێ”.

ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە 41 ئەندام پێكهاتووە. ئەحمەد عەسكەری دەڵێ “تاوەكو ئێستا واژۆی 26 ئەندامیان كۆكردووەتەوە بۆ ئەوەی داوا بكەن گشتپرسی ئەنجام بدرێ، ئەمەش 67%ی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەن دەكات، هەوڵیش دەدەین گفتوگۆ لەگەڵ توركمان و عەرەبە ناڕازییەكان بەردەوام بێ”.

بڕیار بوو مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ عەرەب و توركمانەكانی شاری كەركووك كۆببێتەوە و لەبارەی گشتپرسی لە كەركووك گفتوگۆیان لەگەڵ بكات. بەڵام وەك ئەحمەد عەسكەری دەڵێ “عەرەب و توركمانەكان خۆیان داوای ئەو كۆبوونەوەیەیان كردبوو، دیار نییە كەی ئەو دانیشتنە دەبێ و مەرجیش نییە لە كەركووك بێ”.

ئێستا كەمتر لە مانگێك ماوە بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی. نەسرەدین سندی، سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ڕایگەیاند “كاتێكی زۆر بەدەستەوە نەماوە و دەبووایە ئەو هەنگاوانە پێشتر بنرێن، كاری زۆر ماوە لەو ناوچانە بكرێن بەتایبەتی بەشێك لەو پێكهاتانە رازی نین بە ئەنجامدانی گشتپرسی، دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان كاری باشتر لەسەر ئەو پێكهاتانە بكەن و دڵنیایی بدەنە ئەو پێكهاتانە كە نابنە هاونیشتمانی پلە دوو، ئەوان بەشدار دەبن لە ئیدارەدانی ناوچەكانیان”.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە لە بەرپرسێكی ئیداریی قەزای خانەقینەوە دەستیكەوتووە، داواكاری بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی لە خانەقین و قەرەتەپە و جەلەولا “بە زارەكی دراوە بە كۆمسیۆن” و چەند رۆژێك بەهۆی سەعدییەوە دواكەوتوون “چونكە سەعدییە لە ژێر دەستی حەشدی شەعبییە و دەمانەوێ سەعدییەش یەكلا بكەینەوە بۆ ئەوەی هەموو بەیەك نووسراو بدەینە كۆمسیۆن تاوەكو گشتپرسی لە سنووری قەزای خانەقین بكرێ‌”.

ئەو سەرچاوەیە كە داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، هۆكاری ئەو دواكەوتنەی  زیاتر روونكردەوە و گوتی “ئەنجوومەنەكانی ئەو ناوچانە كێشەیان لە ئەنجامدانی گشتپرسی نییە و داوای دەكەن “بەڵام دەمانەوێ پرۆسەكە بە ئارامی بڕوات و كێشە دروست نەبێ لە نێوان پێكهاتەكان”.

زیاتر لە 2.5 ملیۆن كەس لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی سنووری هەرێمی كوردستان مافی بەشداریكردنیان لە گشتپرسیدا هەیە. كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی 11 هەزار سندووق بۆ دەنگدان لەو ناوچانە دادەنێت.

خەلیل شەمۆ خودێدا، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی قەزای ئەلقوش دەڵێ ناوچەی دەشتی نەینەوا ناوچەی كوردستانین و ناوچەیەكی ئارام و جێگیرە، خەڵك لێرە لە پێناوی داهاتووی ماڵ و منداڵەكەی دەیانەوێ لەگەڵ كوردستان بن و هەر ئەوەش بەڕێگەی گونجاو دەزانن “ئەوەندەی من بزانم مەسیحییەكان لەم ناوچەیە لەگەڵ گشتپرسین، رەنگە بەشێكیان لەبەر هەر هۆكارێك بێت ئەوە دەرنەبڕن. یان هەندێكیان كاردانەوەی سیاسیەكان بەهەند وەربگرن، بەڵام لەگەڵ گشتپرسین”.

ئەو دەڵێ تاوەكو ئێستا ئەنجوومەنەكەیان و بەشێك لە ئەنجوومەنەكانی دەشتی نەینەوا داوایان لە كۆمسیۆن نەكردووە بۆ گشتپرسی “بەڵام گرفتێكی وانییە و لە رۆژانی داهاتوودا ئەو داواكارییە پێشكەش بە كۆمسیۆن دەكرێ”. ئەوە لە كاتێكدایە كە رۆژانی پێشوو لەلایەن ئەنجوومەنەكانی شێخان و زوممارەوە داوا لە كۆمسیۆن كراوە گشتپرسی لە ناوچەكانیان ئەنجام بدرێ.

رۆژی 7/6/2017 مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەركردەی 17 حیزب و لایەنی سیاسی كوردستانی كۆبووەوە و تێیدا بڕیار درا رۆژی 25ی ئەیلوولی 2017 گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی باشووری كوردستان، ئەنجام بدرێت.

ئیسماعیل خورماڵی، بڕیاردەری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی دەڵێ ئەوان لە ئامادەكارییەكانی خۆیان بەردەوامن “ئامادەكارییەكانی ئێمە بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانیشە”. بەڵام گوتیشی پەیوەندییان بە كاروباری سیاسی و ناكۆكیی سیاسی نێوان لایەنەكان نییە لەو ناوچانە “ئێمە تەنیا ئامادەكاریی تەكنیكی دەكەین، هەركات ئەوان وەڵاممان بدەنەوە، دوابكەون یان نا ئێمە ئامادەكاری بۆ هەموو ناوچەكان وەك یەك دەكەین و كێشەمان نییە”.

سەرچاوە: تۆڕی میدیایی ڕووداو

دەربارە lana

ئەم بابەتەش ببینە

66385bb1b7ada1788d82705b9f8e7d06_XL

پارتێكی توركمانی: لەبەر داگیرکاریی میلیشیاکان لە كەركووك و ناوچە کوردستانییەکان هەڵبژاردنەكان بایكۆت دەكەین

“هەر هەڵبژاردنێك لەو شارانە بكرێت ناشەرعییە” پارتی گەلی توركمانی ڕای دەگەیەنێت كە لەژێر دەسەڵاتی داگیركاریی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *